وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیاری ئیسرائیل بۆ چۆڵ کردنی شاری غەززە و ئاوارە کردنی چەند جارەکی دانیشتووان و ئاوارەکانی بەتوندی ئیدانە کرد و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی ئیسلامی لەسەر بەرەنگار بوونەوەی ئەو جەنایەتە جەنگیە جەختی کرد.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا هێناویە: بڕیاری ئیسرائیل بۆ کۆچاندنی زۆرەملێی دانیشتووانی شاری غەززە کە نزیک بە دوو ساڵە لەژێر چڕترین بوردمانەکاندا بوون و لە پێنج مانگەی دواییدا برسیەتیان بەسەردا سەپاوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە، نموونەی ئاشکرای جەنایەتی جەنگی و جەنایەت لە دژی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار کە ئامانجێکی جگە لە تەواو کردنی گەڵاڵەی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی فەلەستین وەکوو گەل و شوناسێک نییە. بێ گومان ئەو بڕیارە بەرهەمی سزانەدانی بەرپرسانی ئیسرائیلە کە خۆی ئەنجامی پاڵپشتی هەمەلایەنەی سیاسی و سەربازی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەورووپی لە ئەو ڕژیمە و ڕێگری لە هەرجۆرە کارێکی جیدی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و دیوانە نێودەولەتییەکان بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو ڕژیمەیە.
هاوکات بوونی جەنایەتی ئیسرائیل بۆ کۆچاندنی زۆرەملێی دانیشتووانی شاری غەززە کە بە ئامانجی کاول کردنی تەواوی ڕواڵەت و شوناسی نەتەوەیی فەلەستینی لە ئەو ناوچە و تەواو کردنی گەڵاڵەی کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان داڕێژراوە، بە پاگەندەی سووکانە و زۆر مەترسیداری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئایدیای ئیسرائیلی گەورە کە بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەگرێتەوە- نیشاندەری چییەتی هەوڵەکانی ئیسرائیل و مەترسی گەورەیەکە کە ئەو ڕژیمە بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان پێکی هێناوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆشداریی نیسبەت بە پیلانی ئیسرائیل بۆ چڕ کردنەوەی کوشتوبڕەکان بە بیانووی جێبەجێ کردنی خەڵکی شاری غەززە بۆ باشووری ئەو ناوچە، لەسەر زەروورەتی هەوڵی بەپەلەی کۆمەڵگای جیهانی بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی شەڕئاژۆیی و کۆمەڵکوژی لە دژی خەڵکی فەلەستین جەختی کرد و وتی کە نەنواندنی کردەوە هەمبەر ستەمی ئیسرائیل، ئەو ڕژیمە نیسبەت بە بەردەوام بوونی جەنایەتەکانی زیاتر هان دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ئیدانە کردنی بڕیاری ئیسرائیل بۆ چۆڵ کردنی شاری غەززە جەختی کرد: ئایدیای ئیسرائیلی گەورە مەترسی گەورەیە کە ئەو ڕژیمە بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دروستی دەکات.
Your Comment